کوردستانهەواڵ

قایمقامی چەمچەماڵ : تورکیا سنوری چەمچەماڵی بۆردومان کردوە و حکومەتی عێراقیش بێدەنگە

ڕێژنە میدیا

 

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سنوری گوندەکانی توتەقەڵ و جەلەمۆردی لە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر بۆردومانکردووە. حکومەتی عێراقیش بە کەمتەرخەم تۆمەتبار دەکات لە پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ شەممە، 27 ی مانگی حەوتی 2024، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نێوان گوندەکانی جەلەمۆردو توتەقەڵی سەربە ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچاڵی بۆردومانکرد، بەهۆی بۆردومانەکانەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە.

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،”هێشتا زیانی گیانی بۆردومانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان نەزانراوە، بەڵام زیانی ماددی بەر گوندنیشینەکان کەوتووەو پوش و پاوەن و دارستان بەهۆی بۆردومانەوە سوتاون.”

بیانووی تورکیا بۆ بۆردومانکردنی سنوری ناحیەی ئاغجەلەری سنوری قەزای چەمچاڵ بوونی چەکدارانی پەکەکەیە لەو ناوچەیە، گوایە لە مانگی 10 ی ساڵی 2017ەوە، هێزێکی پەکەکە لەو ناوچەیە جێگیربوون.

قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت،”تورکیا بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆردومان دەکات، لە ڕاستیدا ئەمە بیانووە.”

هەرچەندە حکومەتی عێراق بە فەرمی هەبوونی هەماهەنگی نێوانیانی لەگەڵ تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵای بەڕای چاودێران تورکیا بە ڕەزامەندی عێراق هێرشەکانی ئەنجام دەدات.

ڕۆژی 22 ی مانگی چواری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.

رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، ڕەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت و ئاماژەی بەوەکرد پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە، بەڵام عێراق کەمتەرخەمە لە پاراستنی ئاسمانی هەرێم.

لە مانگی 5 ی ساڵی 2022 ەوە، ئەمە سێیەم جارە ناوچەی ئاغجەلەر لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومان دەکرێت و تورکیاش بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکرێت، لەکاتێکدا ئەم ناوچەیە نزیکەی 260 کیلۆمەتر لە سنورەکانی تورکیاوە دوورە.

بۆ یەکەمجار لە مانگی 5 ی ساڵی 2022، سنوری ناحیەی ئاغجەلەر لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومانکراو لە هێرشەکەدا ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج، کە دوو گوندنیشینی تێدابوو هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.

هیوا جەلەمۆردی، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی جەلەمۆرد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،”ئەو ناوچەیەی ئەمڕۆ شەممە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومانکراوە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی جەلەمۆردو توتەقەڵ، شوێنێکی قوڵ و سەختە.”

ئەو وتیشی،”بۆردومانەکە زیانی گیانی بە دانیشتوانی گوندەکان نەگەیاندووەو خەڵکیش لە ترسی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچە بۆردومانکراوەکە نزیک نەبووەتەوە، بەڵام ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.”

تورکیا لە ڕۆژی 15 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024ەوە، ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی نوێی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەپاساوی لێدان لە پەکەکە دەستپێکردووە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

ئەندامێکی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ئاماژەبەوەدەکات، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، تورکیا 15 بۆردوومانی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەوە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،”تورکیا سنوری ناوچەی ئامێدی تۆپبارانکردووە، هەروەها لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشەوە سنوری قەزای چەمچەماڵی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی تری لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆ سەر هەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی و هەولێر ئەنجامداوە.”

دەشڵێت،”هێرشەکان گیان لە دەستدانی هاوڵاتیانی سڤیلی لێنکەوتووەتەوە، بەڵام بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە هەندێک لەو ناوچانەی بۆردومانکراون.”

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button