ڕێژنە میدیا
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی زە ناشیۆناڵی بەریتانی ئاشکرایکردوە، عێراقو ئەمریکا لەواژۆکردنی ڕێککەوتنێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق نزیکن، بەڵام خاڵی ناکۆک لەدانوستانەکاندا هەیە، دیارترینیان بنکەی ئاسمانی هەریرە لەهەولێر، کە ئەمەریکا ئامادەنییە لێی بکشێتەوەو دەڵێت:”پێویستی پێیەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لەسوریا”.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، وهفدهكهى عێراق ڕۆژانی دوشەممەو سێشەممەیان لەواشنتۆن بەسەربردوە بۆ ئەنجامدانی خولی کۆتایی دانوستانەکان بەئامانجی کۆتاییهێنان بەهاوپەیمانیو دامەزراندنی هاوبەشی نوێی ئەمنی دووقۆڵی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە هێشتا هێزیان لەعێراق هەیە”.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەغداو واشنتۆن ڕێککەوتون لەسەر دەستپێکردنی کشانەوەی بەشێک لەهێزە ئەمریکییەکان کە لەژێر چەتری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییدا کاردەکەن، بەڵام بەشێک لەهێزە ئەمریکیو نێودەوڵەتییەکان لەژێر سایەی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێدا دەمێننەوەو یەکێک لەڕۆڵە ئەگەرییەکانیش مەشقپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەبێت.
سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەشکردوە، واشنتۆن ئامادەیی نیشاندەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەبنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار، بەڵام بنکەی ئاسمانی حەریر لەهەولێر هێشتا خاڵێکی ناکۆکی نێوان هەردولایە، بەوپێیەی ئەمریکا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە بونی لەو بنکەیە پێویستە بۆ هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لەسوریا، لەکاتێکدا بەغدا دەڵێت کاتێک هێزەکانی هاوپەیمانان لەساڵی 2014 هاتنە ناو عێراقەوە بەم ئەرکە ڕِازینەبون.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، عێراق دەیەوێت هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەست بەکشانەوە بکەنو تا مانگی ئەیلولی 2025 بەفەرمی کۆتایی بەکارەکانی هاوپەیمانییەکە بهێنن.