ڕێژنە میدیا
ئەو شێوازی دانیشتنە کە منداڵ ھەردوو قاچی لە ئەژنۆیەوە بۆ لاکانی دواوەی جەستەی دەبات باوترین جۆری دانیشتنە لە منداڵ، زیان بە ئێسکەکانی قاچی منداڵ دەگەیەنێت و زۆرکات گرفتی ڕۆشتنیان بۆ دروست دەکات.
ماڵپەڕی سوپەرماما لە بابەتێکدا نوسیوویەتی، زۆربەی منداڵان لەکاتی یاریی و کاتبەسەربردندا بە شێوەی پیتی دەبلیوی ئینگلیزی دادەنیشن، چونکە بەو جۆرە دانیشتنە زیاتر ھەست بە حەوانەوە و ئارامی دەکەن.
بەگوێرەی پزیشکانی تایبەت بە منداڵ و ئێسک ئەو جۆرە دانیشتنە زیانی تەندروستیی بۆ منداڵ ھەیە، پێویستە لەسەر باوان لە کاتی بینینی منداڵەکانیان بەو جۆرە ڕێگریان لێبکەن و باری دانیشتنەکەیان پێبگۆڕن.
ئەو شێوەی دانیشتنە زیان بە گەشەی جومگە و ئێسکی منداڵ دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ماسولکەکانی لاوازدەکات و ئاستی بڵاوبوونەوەی قاچیان زیاتر دەبێت، بەھۆی ئەوەی زۆربەی فشارەکانی پشت و بەشی سەرەوەی جەستەیان دەچێتە سەر ناوچەی حەوز و ڕان و سمتیان، ئەگەری ھەیە توشی ئێسکە نەرمەشیان بکات.