عێراقکوردستانهەواڵ

فۆڕمی پەنابەری و پەناخوازی بە کوردانی ڕۆژهەڵات لەلایەن UNHCR ڕاگیراوە

ڕێژنە میدیا

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی دەڵێت فۆرمی پەناخوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و لە ئێستادا نە پشتگیری حزبەکانی رۆژهەڵاكات و نە مافی پەناخوازی کاری پێناکرێت.

ئەنوەر عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “شێوازی مافی پەناخوازی لە هەرێمی کوردستان لە دوای رێککەتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران گۆڕاوە، ئێستا نە پشتگیریی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ مافی پەناخوازی کاری پێدەکرێت، نە مافی پەناخوازیی ساڵانە دەدرێت.”

سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت “پێشتر دوو رێگە هەبوون بۆ ئەوەی خەڵک لە رۆژهەڵاتەوە بێنە باشووری کوردستان، بەشێکیان بە نافەرمی و بە مەرزەکان بەقاچاخ دەهاتن، هەندێکیان بە پاسپۆرت دەهاتن و دەیانگوت قاچاخن و دەبوونە ئەندامی حیزبەکان، لە هەردوو کاتەکەدا، پشتگیری حیزبەکان کاری پێدەکرا، بەڵام ئێستا ئەوانەی بە قاچاخ بێن پشتگیری حیزبەکان بۆ ئەوان کاری پێناکرێت، دەبێت فۆرمی پەناخوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرن و دواتر داواکاری پێشکێش بە بەشی پەنابەرێتی بکەن و ئەوان بە کەیسەکەدا دەچنەوە و ئەگەر رەزامەنی دامودەزگاکان بەتایبەت ئەمنییان هەبێت، ئەوا کارتی سەردانیان پێدەدرێت نەوەک مافی مانەوە، کارتەکە بۆ ماوەی مانگێکە و نوێدەکرێتەوە، بۆ هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانیش کاری پێناکرێت.”

ئەنوەر عەلی، سەبارەت بە ئەو کەسانەی پێشتر مافی مانەوەی ساڵانەیان وەرگرتووە، وتیشی” بۆ نوێکردنەوە، پشتیگیریی حیزبەکانی رۆژهەڵات کاری پێناکرێت، بەڵکو رەزامەندیی بەشی پەنابەرێتی و دامودەزگاکانی ئاسایشی دەوێت، بەڵام مەرجێکی هەیە، دەبێت ئەو کەسە فۆرمی رێکخراوی UNHCRـی هەبێت، ئەو فۆرمەش لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە سەرەتای مانگی چوارەوە راگیراوە و نادرێتە کەس.”

ئەنوەر عەلی دەڵێت پەناخوازان و ئەنجوومەنەکەیان مەترسیی نەمانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق یونامی هەیە چونکە کاریگەریی خراپی لەسەر پەناخوازانی رۆژهەڵات هەیە، ئەوکات لەلایەن ئێرانەوە گوشاری زیاتر دەکرێتە سەر عێراق ، مەترسیی دەستگیرکردن و دادگاییکردنیش زیاتر دەبێت.”

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٢ هەزار پەناخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن، بەشی زۆریان ئەندامی حیزبەکانی رۆژهەڵاتن، لەدوای رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان سنووردارکراوە، هیچ چالاکییەکی سەربازی و چەکدارییان نەماوە.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button