ڕێژنە میدیا
چەند سەرچاوەیەک لە نێو پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران رایانگهیاند، نوێکردنەوە و پێدانی مافی مانەوەی سیاسی بەو کەسانە ڕاگیراوە کە لەسەر کاری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، “ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ دروستکردوین”، شرۆڤەکارێکی سیاسیش دەڵێت، “هەنگاوەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق و کوردستانە و مەبەستەکەش تەنها لە قاڵبدانی پارت و سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتە“.
نزیکەی سێ مانگە مافی مانەوەی سیاسی بە سیاسییە ڕۆژهەڵاتیەکان راگیراوه
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ماوەی نزیکەی سێ مانگە مافی مانەوەی سیاسی بە سیاسییە ڕۆژهەڵاتیەکان لە هەولێر ڕاگیراوە، ئەوانەی مۆڵەت مانەوەی سیاسی یەک ساڵیان هەیە و بەسەرچوبێت کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نیشنگەی هەولێر دەکەن بۆیان نوێ ناکرێتەوە و پێیان دەوترێت سەردانی پەیوەندیەکانی پارتی بکەن، سەردانی ئەوێ دەکەیت دەوترێت سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن و لەوێش دەوترێت کێشەکە تەکنیکیە و بەمزوانە چارەسەر دەبێت”.
فشارەکانی ئێرانە بۆ سەر عێراق وایکردوە ئهو بڕیاره بدرێت
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، “ئێمە زۆر لەوە دڵنیاین فشارەکانی ئێرانە بۆ سەر عێراق وایکردوە ئەو مافی مانەوەیە بەو کەسانەی کە مافی مانەوەی سیاسیان هەیە بۆیان نوێ نەکرێتەوە، ڕاستیەکەی ئێستا وای لێهاتوە ناتوانین هاتوچۆی نێوان شارەکانی کوردستان بکەین، چونکە لە زاڵگەکان داوای مافی مانەوە دەکرێت ئەوەش گرفتێکی گەورەیە، بەڵام مافی مانەوەی کار بە ڕۆژهەڵاتیەکان هیچ گرفتێکی نییە و دەتوانن شەش مانگ جارێک نوێ بکەنەوە”.
تائێستا هیچكام له بهڕێوهبهرایهتی نیشنگەی هەولێر و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ رونكردنهوهیان لهوبارهیهوه نهداوه.
ئێران بە مدواییە گوشارەکانی بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران زیاتر كردوه
ئێران بە مدواییە گوشارەکانی بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان زیاد کردوە و جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند، لیستێکی 120 کەسیان داوەتە بەرپرسانی عێراق بۆ ئەوەی ڕادەستی ئێران بکرێنەوە.
ئێران ناوی 120 كهسی داوهته عێراق بۆ ئهوهی رادهست به تاران بكرێن
کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لە دانیشتنێکدا وتی، “لیستی نزیکەی 120 دژبەر کە خۆیان داوەتە پاڵ کوردە شەریفەکانی عێراق، ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردوە بۆ ڕادەستکردنەوەیان و بەم زووانە دادگاییکردنیشیان بەڕێوەدەچێت”.
بەڵام محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەکانی حزبەکە سەبارەت بەم بابەتە دهڵێت، “هەتا ئێستا شتێکی لەو بابەتە بە شێوەی فەرمی لەگەڵ ئێمە وەک حزبی دیموکراتی کوردستان ئێران نە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و نە لەلایەن بەپرسانی عێراقیشەوە باس نەکراوە”.
ئێران پرسی ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حزبە کوردییەکانی وروژاندوە
ئهوهشی وت، “ئێران پرسی ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حزبە کوردییەکانی پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وروژاندوە، بەڵام ئەوە پرسێکە کە نە یاسا و ریسای نێودەوڵەتی ڕێگە بە ئەنجامدانی دەدات و نە ئەو خەڵکەش ئەو تاوانبارەن کە ئێران باسیان لێوەدەکات و دوای ڕادەستکردنەوەیان دەکات، ئەو خەڵکەی ئێران داوایان دەکات، ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنێکی ئازادیخواز و مافخوازن کە داکۆکی لە پرنسیپە دیموکراتییەکان دەکەن، بۆیە ئەگەر بڕیار بێت لایەنێک دادگایی بکرێت، ئەوە ئەو کەسانە نین کە ئێران داوایان دەکات، بەڵکو خودی بەرپرسانی کۆماری ئێسلامی ئێرانن کە دەبێت بەهۆی پێشێلکاری و سەرکوتکردنەکانییەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت”.
ئێران دهڵێت، بونی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەن
کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بونی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروستدەکات و ئەو حزبانە تۆمەتبار دەکات بە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی و بەو بیانوەوە چەندین جار بنکەکانی ئەو حزبانەی کردوەتە ئامانجی موشەکەکانی.
نزیکەی چەند مانگێکە پێدانی مافی مانەوەی سیاسی راگیراوه
فەرزین کەرباسی، شرۆڤەکاری سیاسی دهڵێت، “لە دوایی فشارەکانی ئێران بۆ سەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، نزیکەی چەند مانگێکە پێدانی مافی مانەوەی سیاسی بەو کەسانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگیراوە کە لەسەر کاری سیاسی ئێرانیان جێهێشتوە، ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە و کێشەیەکی گەورەی دروستکردوە، هەروەها گەر بێت و نوێکردنەوەی مافی مانەوەی سیاسی بە تەواوی ڕابگیرێت ئەوە کێشەیەکی گەورەتر دروست دەکات”.
هۆکاری ئەم ڕاگرتنە ڕێکەوتنەی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێرانه
وتیشی، “هۆکاری سەرەکی ئەم ڕاگرتنە بۆ ئەو ڕێکەوتنەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە و ئامانجەکەش لە قاڵبدانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتە، هەروەها سنوردارکردنی جوڵەی سیاسیەکانە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا هەوڵەکان بە تەواوی چڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی ڕۆژهەڵات بخرێنە نێو ئۆردوگایەکەوە لە سنورە جیاوازەکان، ئەوەش بە ڕاستی هەموانی نیگەرانکردوە”.
دوای سەرهەڵدانی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێران، کۆماری ئیسلامی فشارەکانی بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان چڕتر کردوەتەوە، هێرش و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئەو حزبانە لە ئێستادا بوەتە بابەتێکی گرنگی نێوان تاران و بەغدا و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەو حزبە کوردییانەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە، بریتین لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان.