ڕێژنە میدیا
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەمان پۆست تووشی کۆرۆنا بووە و بۆ پشوودان دەگەڕێتەوە ویلایەتی دیلاوێر.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2024، کارین ژان پێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، “ئەمڕۆ دوای یەکەم چالاکی لە لاس ڤێگاس، سەرۆک بایدن ئەنجامی تاقیکردنەوەی پزیشکی بۆ کۆرۆنا پۆزەتیڤ بوو (تووشی کۆرۆنا بووە).”
گوتەبێژی کۆشکی سپی دەشڵێت، بایدن “ڤاکسینی وەرگرتووە و باشترە؛ نیشانەی سووکی هەیە. دەگەڕێتەوە ویلایەتی دیلاوێر و لەوێ کەرەنتین دەکرێت؛ لەو کاتەدا سەرقاڵی راپەڕاندنی کارەکانی دەبێت.”
ئەو راگەیێندراوەی کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە بەتایبەت دوای یەکەم دیبەیتی جۆ بایدن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، گوشارەکان بۆ کشانەوە یان کشاندنەوەی بەربژێرەکەی دیموکراتەکان زیادیان کرد.
پێش چەند خولەکێک لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، جانێت مورگویا، سەرۆکی یەکێتیی ئونیدۆس کە کۆمەڵەیەکی لاتینییەکانە لە شاری لاس ڤیگاس رایگەیاند، بایدن پەیوەندی پێوە کردووە و پێیڕاگەیەندووە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەوە ناتوانێت سەردانی گردبوونەوەکەیان بکات و قسەیان بۆ بکات.
جانێت گوتی: “لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ سەرۆک بایدن و نیگەرانی خۆی دەربڕی کە ئەم دوا نیوەڕۆیە ناتوانێت لەگەڵمان بێت.” دەشڵێت، “سەرۆک لە زۆر بۆنەدا ئامادە بووە. وەکو دەزانین تووشی کۆرۆنا بووە. تێدەگەین کە پێویستی بە چارەسەرە.”
پزیشکی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بایدن کۆکەی هەیە و تەندروستیی باش نییە؛ چارەسەری پێویستی پێدراوە. دەشڵێت: “نیشانەکانی ئاسایین. لێدانی دڵ، پلەی گەرمای لەشی و رێژەی ئۆکسجین لە خوێنیدا ئاساییە.”