ڕێژنە میدیا
بەگوێرەی زانیاریەکانی دەزگای ڕێژنە میدیا ئەمڕۆ ١٤/٧/٢٠٢٤ لە شاری هەولێر حزبیکی نوێ بەناوی حزبی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان دامەزرا .
ئەم حزبە لەلایەن عبدالڵە حاجی مەحمود سەرۆکایەتی دەکرێت کە دەکاتە برای محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست و هاوکات وەزیری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان .
دامەزراندنی ئەم حزبە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە پێشووتر عبدالڵەی حاجی مەحمود کە جێگری پارتی سۆسیالست بوو , وە محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی حزبەکەبوو , کێشەو گرفت هاتە بەینیانەوە و بەدوایدا شەڕو ئاڵۆزی هاتە ئاراوە تا گەیشتە سەر هەڵکوتانەسەر ماڵ و تەقەکردن و لە ئاکامی ئەو کێشەو گرفتانە کەسێک کە پێشمەرگەی گوڵەخانەبوو شەهیدبوو , بۆ چەند ڕۆژێک دوای گیرو گرفتەکان لە کۆنگرەیەکی پارتی سۆسیالیست بەکۆی دەنگ عبدالڵەی حاجی مەحمود لە پۆستی جێگری سەرۆکی حزب لادراو سەرجەم پلەوپۆستەکانی لێسەندرایەوە .
بەڵام عبدالڵەی حاجی مەحمود سوربوو لەسەر کاری حزبی و ڕایگەیاند کە خاوەن مێژویەکی شکۆدارە و بەڵێنی بەلایەنگرانی دا لە کاری حزبی بەردەوام بێت و ئەمڕۆش بەفەرمی ناو لۆگۆی حزبەکەیان ڕاگەیاند
بێستوون حەسەن کە یەکێکە لە کەسە باوەڕپێکراوەکانی عبداڵلەی حاجی مەحمود ئەمڕۆ لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕێ کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند : – ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەت و مێژوییە بۆمن کە ئەو شەرەفە بەمن بەخشرا بەشداربم لە واژۆکردنی دامەزراندنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان – عێراق بەڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک عبدالڵە حاجی مەحمود .
بەگوێرەی زانیاریەکانی ڕێژنە هەوڵدراوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ئەم حزبە نوێیە بەهەمان ناوی پارتی سۆسیالست بەڵام لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ڕێگری لێ کرا و بەو هۆیەیی کە ڕێگە نادرێت لە هەرێمێکدا دوو حزب یەک ناویان هەبێت , هەربۆچارەسەرکردنی ئەم گرفتە وشەی بزوتنەوەیان بەکارهێناوە
لۆگۆی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان