کوردستانهەواڵ

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران : ناوی 120 داواکراومان داوەتە عێراق

ڕێژنە میدیا

 

جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایدەگەیێنێت، لیستێکی 120 کەسییان داوەتە عێراق بۆ ئەوەی رادەستیان بکرێتەوە. دەشڵێت: “ئەوانەی داواکراون کوردن و بەمنزیکانە دادگایی دەکرێن.”

کازم غەریب ئابادی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، بە ئاژانسی تەسنیمی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، لیستێکی 120 کەسیی [دژبەرانمان] داوەتە عێراق بۆ ئەوەی رادەستمان بکرێنەوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، “کۆتایی ئەم ساڵ دۆسیە لە دژی سەرجەم گرووپە [دژبەرەکان] دەکرێتەوە و داواکاری دەدرێتە وڵاتانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی رادەستبکرێنەوە،” هەنگاوی داهاتووش بریتی دەبێت لە دادگاییکردنیان.

ئەو بەپرسە ئێرانییە لەبارەی عێراقەوە، ئەوەشی گوتووە: “ئەو 120 کەسەی داواکراون خۆیان داوەتە پاڵ کوردانی شەرەفمەندی عێراق، دەمانەوێت بەمنزیکانە دادگاییان بکەین.”

فوئاد خاکی بەیگی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بێئاگایی خۆی و سەرکردایەتیی پارتەکەی لە بوونی وەها لیستێک  نیشاندا و گوتی، “ئەگەر لیستێکی ئاوا هەبێت بەشی زۆری بەرپرسانی حیزبی ئێمە و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی تێدایە.”

لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، “نە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە حکومەتی عێراق و هیچ لایەنێکی دیکە لەبارەی ئەو پرسە و بوونی لیستێکی ئاواوە لەگەڵ ئێمە قسەیان نەکردوو، ئەگەر لیستی ئاوا هەبێت و داواکراو هەبێت، لەکاتی خۆیدا قسەمان دەبێت.”

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی 28-08-2023 رایگەیاند، “عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە.”

 

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button