کوردستانهەواڵ

ئایا ئەنجامدانی گەشتی عومرە بە شێوازی قیست درووستە ؟

ڕێژنە میدیا

ماوەیەکە وەک دیاردەو بگرە بەشێوەیەکی زۆریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بانگەشە بۆ ئەنجام دانی گەشتی عەمرە دەکرێت بە شێوازی قیس و بەشێک لە هاووڵاتییان وێڕای ئەوەی کە بژێوی ژیانیان لە ئاستێکی پێویستدا نییە، بەڵام ئارەزوومەندی بەجێهێنانی عومرەن و بە شێوازی قیست ئەنجامی دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان بە ڤیزای گەشتیاری فەریزەی حەجیان بەجێهێنا.

لەم بارەیەوە مامۆستا ئەبوبەکر پێنجوێنی، مامۆستای ئاینی و شارەزای دارایی لەسەر ئەم بابەتە دەڵیت :-  بێگومان بەجێهێنانی عومرە بەشێکی زۆر لە زانایان وەک حەج بە واجبی ئەبینن، بەڵام مەرجەکانی بەجێهێنانی دیاری کراوە.

باری دارایی و دۆخی تەندروستی دوو لەو مەرجانەن کە بۆ بەجێهێنانی گەشتی عومرە لەبەرچاو دەگیرێن.

لەبارەی ئەنجامدانی عومرە بە شێوەی قیست ئەوەی خستەڕوو، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێک لە کۆمپانیاکان عومرە بە شێوەی قیست ئەنجامدەدە بۆ ئەو کەسانەی نیازمەندن و پارەیەکی کاشیان بەدەستەوە نییە، ئەمەش لە ڕوانگەی شەرعەوە ڕێگەپێدراوە.

وتیشی، ئەگەر کۆمپانیاکان پارەکە وەک خۆی وەربگرنەوە، ئەوا کار ئاسانییە و مایەی دەستخۆشییە کە هاوکاری هاووڵاتییان دەکەن.

مامۆستا ئەبوبەکر پێنجوێنی جەختی لەوەکردەوە، بەجێهێنانی حەج و عومرە بۆبەدەستهێنانی خێر و چاکەیە، هەر بۆیە ئەو کەسەی کە عومرە بە شێوازی قیست ئەنجامدەدات، دەبێت توانای گەڕاندنەوەی قیستەکەی هەبێت تا نەکەوێتە چوارچێوەی دواخستن و پشتگوێخستن، چونکە ئەو کاتە لە ڕوانگەی شەرعەوە و بەپێی فەرموودە پیرۆزەکان گوناهباردەبێت.

دووپاتیشی کردووە، ئەگەر کەسیک بزانێت دووچاری بێبەڵێنی دەبێت، ئەوا باشترە عومرەکەی ئەنجامنەدات، نەوەک لە جیاتی خێر بکەوێتە بازنەی تاوان.

ڕوونیشکردەوە، حەج و عومرە لەسەر کەسێک واجبە کە بژێوی ژیانی خۆی وخێزانەکەی مسۆگەر کردبێت، پارەیەکی زیاتر لەوەی هەبێت، ئەو کاتە دەتوانێت فەریزەی حەج و گەشتی عومرە بەجێبهێنێت.

ئەو مامۆستا ئاینییە باسی لەوەشکرد، بەشێک لە کۆمپانیاکان کەوتوونەتە ناو بازنەی چاوچنکۆییەوە، بە هەموو جۆرێک هانی خەڵک دەدەن، هەر وەک ئەوەی لە حەجی ئەمساڵ بەدیمان کرد کە هانی خەڵک درا بە ڤیزای گەشتیاری ڕوو لە سعودیە بکەن، بەهۆیەوە چەندین حاجی گیانیان لەدەستدا.

ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە پڕۆسەی حەج و عومرە بووەتە کێبڕکێ، ڕۆحییەتی عیبادەتییەکەی ناشرین کراوە، پێویستە خەڵک پێش ئەوەی بڕیار بدەن کە چەندین جار حەج و عومرە ئەنجامبدەن، لە مانا و مەبەست و کڕۆکی عیبادەتە ئاینییەکان تێبگەن.

وتیشی، چەندین کاری لەپێشترمان هەیە بۆ ئەو کەسانەی توانای بژێوی ژیانیان باشە، کە لە جیاتی چەند بارە کردنەوەی حەج و عومرە، دەتوانن دەستگیرۆیی هەژاران بکەن، یاخود ئەو خێزانانەی کە نەخۆشیان هەیە بەمەش خێر و چاکەیەکەی زیاتریان دەست دەکەوێت.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button