کوردستانهەواڵ

کامپى ئاشتى لە عەربەت چۆڵکرا

ڕێژنە میدیا

 

کامپى ئاشتى لە عەربەت بە تەواوەتى چۆڵکرا و ئاوارەکان رەوانەى زێدى خۆیان کرانەوە، بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەتیش دەڵێت: ئێمە هیچکات لەگەڵ ناردنەوەى زۆرەملێی ئاوارەکاندا نەبوین، بەڵا حکومەتى عێراق سوربوە لەسەر گەڕاندنەوەیان.

دابان محەمەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەت بە کەناڵەکانی راگەیاند؛ دواى بڕیارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان و داخستنى کامپەکان، لە چەند مانگى رابردو بە چەند قۆناغێک ئاوارەکان نێردراونەتەوە کە ژمارەیان نزیکەى هەزار و 800 خێزان بون لە ئێستادا سەرجەمیان گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان و کامپەکە بە تەواوەتى چۆڵبوە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە وەک هاندانێک بۆ ئەو خێزانانەى لە کامپەکەدا بون تا بگەڕێنوە زێدى خۆیان، هەر خێزانێک نزیکى چوار ملیۆن دینار و چەند ئامێرێکى ناوماڵیان پێدراوە و بەشێکیشیان لەڕێی رێکخراوەکانەوە هاوکارى کراون کە زۆرینەیان هاوڵاتى پارێزگاى سەڵاحەددین و ناوەڕاستى عێراق و فەزاى شنگال بون.

لەبارەى چارەنوسى کامپەکە دواى چۆڵبونى دابان محەمەد رایگەیاند؛ قسە و باس زۆر هەیە لەسەر کامپەکە، ئێمە راى خۆمان بە پارێزگارى سلێمانى گەیاندوە و دەمانەوێت کامپەکە وەک خۆى بمێنێتەوە، چونکە کامپێکى ئامادەکرا و ئامادەسازە بۆ هەر حاڵەتێکى لەناکاو کە روبەڕوى شارەکەمان و ناوچەکە ببێتەوە.

لەبارەى ناردنەوەى ئەم ئاوارانە ئایا بە ئارەزوى خۆیان بوە یان زۆرەملێ، بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەت بە کەى ئێن ئێنى وت: رۆشتنەوەیان بە ئارەزوى خۆیان نەبو، حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى ناوخۆ و پارێزگاى سلێمانى و ئێمەش وەک بەڕێوەبەرایەتى ناحیەکە لەگەڵ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان نەبوین بەشێوەیەکى زۆرەملێ، بەڵام حکومەتى عێراق سوربون لەسەر گەڕاندنەوەیان و بەشێکى زۆریان بەشێوەیەکى زۆرەملێ گەڕێنراونەتەوە.

ووتاره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان

Back to top button