ڕێژنە میدیا
دکتۆر جێلینا کلان پسپۆڕی خۆراک ڕایگەیاند، خواردنەوەی ئاو لەگەڵ لیمۆ لەسەر گەدەی بەتاڵ سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی کێش و پاککردنەوەی جەستە لە ژەهر.
ئەو پسپۆڕە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی” کاتێک ئاو و لیمۆ بە گەدەی بەتاڵ دەخۆیتەوە، ئەوا یارمەتی کرداری هەرسکردن و پاککردنەوەی ڕیخۆڵەکان دەدات، هەروەها سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی کێش و پاککردنەوەی جەستە لە ژەهر”
ئاماژەی بەوەشکردووە خواردنەوەی ئاو و لیمۆ تەندروستی پێست باشتر دەکات، چونکە چەندین ڤیتامین و دژە ئۆکسێنەری تێدایە، کە پێست بە شێداری دەهێڵێتەوە و رێگری لە پێربوونی پێش وەختە دەکات.
ئەو پسپۆڕە باسیشی لەوە کرد ئاو لەگەڵ لیمۆ یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی تەندروستی جومگەکان، چونکە ئەم خواردنەوەیە جەستە پاک دەکاتەوە لە ترشی بۆریک، کە لەگەڵ تەمەن و هەندێکجاریش لەئەنجامی خۆراکی ناتەندروستدا، دەتوانێت لە جومگەکاندا کۆببێتەوە و دەبێتە هۆی هەوکردن.
ئاو لەگەڵ لیمۆ سیستمی بەرگری جەستە بەهێز دەکات، کە یارمەتی جەستە دەدات بەرگری لە ڤایرۆسەکان بکات.
بەڵام ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەداتە هەر کەسێک کە تووشی کێشەی گەدە و ڕیخۆڵە بووە، یان هەستیارییان بە لیمۆ هەیە نەیخۆن، هەروەها زۆر خواردنی ئەم خواردنەوەیە زیانی بۆ مینای ددان هەیە، بۆیە دەبێت دوای خواردنەوەی ددانەکانت بشۆیت.