ڕێژنە میدیا
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی ئاشكرای دەكات، چەند پێشنیازێك بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی خانووبەرە و سندووقی نیشتەجێبوون ئامادە كراوە و دەشڵێت: “لە بەرژوەندیی هاووڵاتییان ئەو زیادە و فایدانەی چووەتە سەر پێشینە و قەرزەكان لا دەبردرێت و نامێنێت.”
جەمیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان بەوەكالەت لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بە میدیایەکی سەر بە پارتی ڕاگەیاند: “هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان کۆ بووینەوە و بڕیارە راپۆرتێک لەبارەی پێشنیازەکانمان بۆ لێخۆشبوون لە بەشێکی پێشینەکانی نیشتەجێکردن و خانووبەرە ئامادە بکەین، لەم ماوەیەدا بڕیاری دڵخۆشكەر لەسەر ئەم پرسە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەردەكرێت.”
ئاماژەی بەوەش دا: “بەدڵنیایی لەنێو پێشنیازەكانمان لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزەكان دەبێت بۆ پێشینەی خانووبەرە و نیشتەجێبوون، پێشنیازی ئەوەمان کردووە لێخۆشبوون بە رێژەی 15% بکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ بێت، تاوەکوو هاووڵاتییان بتوانن بەگوێرەی توانای داراییان پارەكە بدەنەوە، هەروەها چەند ئاسانكارییەكیش پێشنیاز كراوە.”
بۆ پێشینهی خانووبهره لەدهرهوهی شار 25 ملیۆن دراوە و بۆ ناو شاریش 20 ملیۆن دینار بووە، هەروەها لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە دروست كراون و لەلایەن حكوومەتیشەوە 30% بۆ 50%ی نرخی ئەو یەكانە وەكوو قەرز دراوە بە هاووڵاتییان، كە پێی دەگوترێت قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، كە لەنێوان 18 بۆ 30 ملیۆن دینار بە هەر هاووڵاتییەك دراوە.
بەپێی رێنوێنییەكانی دارایی، ئەوانەی قیستەكانی پێشیسنەی خانووبەرەیان لە وادەی خۆی نەگڕاندووەتەوە، سزای دواكهوتنمان بۆ داندراوە، كه بهگشتی 10%یە و هەیە چەندین ملیۆن دیناری ئەو سزایەی كەوتووەتە سەر.
بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی هەواڵێكی خۆش دەداتە ئەو كەسانە و دەڵێت: “بەدڵنیایی لێخۆشبوون بۆ سزا و غەرامەی دواكەوتنی پێشینەی خانووبەرە و نیشتەجێبوون دەكرێت و هەر زیادەیەك چووبێتە سەر قەرزەكان لا دەدرێت و نامێنێت.”
زاندراوە ئەوانەی هیچ بڕه پارهیهكی پێشینهكهیان نهگهڕاندووەتهوه، ڕهنگه بڕه پارهیهكی زۆر تا دهگاته پێنج بۆ شەش ملیۆن دینار سزای دواكهوتنی كهوتووەته سهر، هی وا ههیه سزاكهی گهیشتووهته 13 ملیۆن دینار.
جەمیل ئەبوبەکر، جەختی كردەوە: “لە بەرژوەندیی هاووڵاتییان ئەو زیادە و فایدانەی چووەتە سەر قەرزەكانیان لا دەبردرێت و نامێنێت، ئەوەش هاوكارییەكی باشی هاووڵاتییان دەبێت.”
بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی، لەسەرەتای دابەشكردنی پێشینەكانەوە تاوەکوو 31ی12ی2013، بڕی چوار ترلیۆن دینار بۆ پێشینەكان خەرج كراوە و زیاتر لە 231 هەزار كهس به ههموو جۆرهكانی لێی سوودمهند بوونە.
بەڕێوەبەری گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان روونیشی كردەوە، بۆ هەموو قەرز و پێشینە جۆراوجۆرەكان، زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار قەرز بە هاووڵاتییان داوە، نزیکەی دوو ترلیۆن گەڕاوەتەوە و قیستی فەرمانبەرانیش لەدوای قەیرانی داراییەوە راگیراوە.